سەرجەم نەخۆشخانەكانی غەزە لەكاركەوتون

21/11/2023 جیهان

نەوا-
ئەشرەف قودرە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەزە رایگەیاند، هێشتا دو هەزارو 600 كەس لەناو نەخۆشخانەی ئیندۆنیزی شارۆچكەی جەبالیا لە باكوری كەرتی غەزە ماون.
قودرە بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ رایگەیاندوە: هێشتا دو هەزار ئاوارە، 400 نەخۆش و هاوەڵەكانیان لەگەڵ 200 كارمەندی تەندروستی لەناو نەخۆشخانەی ئیندۆنیزی دان، هەروەها هێشتا 259 بریندار لەگەڵ هاوەڵەكانیان و ژمارەیەكی دیكەی ئاوارە فەڵەستینییەكان و كارمەندی تەندروستی لەناو كۆمەڵگای پزیشكی شیفای رۆژئاوای شاری غەزەن.
باسی لەوەشكردوە، لە چەند رۆژی رابردودا شاندێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی سەردانی كۆمەڵگای پزیشكی شیفای كرد بۆئەوەی بە هەماهەنگی كۆمەڵگاكە چۆڵ بكرێت تائێستا هیچ پێشهاتێكی نوێ لە ئارادا نیە بۆ چۆڵكردنی كۆمەڵگای پزیشكی شیفا.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین وتیشی: سەرجەم نەخۆشخانەكان لە باكوری كەرتی غەزە لەكاركەوتون و لەگەڵ نەتەوە یەكگرتوەكان هەماهەنگی دەكەن بۆئەوەی بۆ نەخۆشخانەی ئیندۆنیزی لە نەخۆش، ئاوارەو كارمەندی تەندروستی چۆڵ بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group