موسەنا ئەمین: ناكرێت حكومەتی هەرێم بە تورەكە پارە لە بەغدا وەربگرێت بێ ناردنی زانیارییەكان

06/06/2024

نەوا-
ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكگرتو لە پەرلەمانی عیراق دەڵێت، كێشە هونەرییەكانی موچە تەواوبن ئەوكاتە دەتوانین بڵێین گرفتی ناردنی موچە نەماوە.
موسەنا ئەمین ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتو لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، دوای ئەوەی وەك یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لە حكومەتی هەرێم بێ ئومێد بوین لەوەی كێشەی موچە چارەسەر بكات و حكومەتی فیدرالیش ئامادە نییە بەم شێوەیەی حكومەتی هەرێم دەیەوێت موچە بنێرێت، پەنامان بردە بەر حكومەتی فیدرالی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەو ئەویش بەپێی مادەی 94ی دەستور كە بڕیارەكانی بۆ هەمو دەسەڵاتەكانەو پابەندن پێوەی و ناتوانرێت تانەی لێبدرێت.
باسی لەوەشكردوە، ئێمە دڵنیاییمان بە خەڵكی كوردستان دا كە كێشەی موچە چارەسەر بوە بەڵام هەمیشە وتومانە كۆمەلێك كێشەی هونەریی هەیە لە بابەتی موچەدا چ لە بەشی مەدەنیی چ لە سەربازیدا، دەبێت ئەوانە تەواوبن و ئەوكاتە دەتوانین بەدڵنیاییەوە قسە لەسەر ئەوە بكەین كە كێشەكە چارەسەر بوە، ئێستا تێگەشتنێك هەیە بۆ ئەوەی موچەی دەزگا مەدەنییەكان تەوتین بكرێت لە بانكێكی فیدرالی وەك TBIو  ئێستا حكومەتی هەرێم خۆی ئەو بانكە عیراقییەی خستۆتە ناو هەژماری من.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئێستا ماوەتەوە سەر هێزە ئەمنیی و سەربازییەكان و ناكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بیەوێت بە  تورەكە پارە لە وەزارەتی دارایی عیراق وەربگرێت و دەبێت زانیاریی ورد بداتە بەغدا و ئەگەر هەرێم ئەمە نەكات كێشەكە چارەسەر نابێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group