وەرزی حەجی ئەمساڵ گەرمترینەو تەندروستی سعودیە ئامادەكاری بۆ دەكات

13/06/2024

نەوا-
بەملیۆنان حاجی لەسەرتاسەری جیهانەوە گەیشتنە شاری مەككەی پیرۆز بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج و جێبەجێكردنی پایەكانی.
دەسەڵاتدارانی سعودیە رایانگەیاند، هەمو ئامادەكارییەكیان كردوە بۆ پێشوازیكردن لە حاجیان و میوانانی ماڵی خودا، هەروەها سەرجەم پێداویستییەكانیان لە روی خزمەتگوزاری و زامنكردنی سەلامەتی حاجیان جێبەجێ كردوە.
لەوبارەیەوە شازادە عەبدولعەزیز بن نایف وەزیری ناوخۆ و سەرۆكی لیژنەی باڵای حەج رایگەیاندوە، هێزە ئەمنیەكانی حەج لەئامادەباشی تەواودان بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان تاكو پارێزگاری لە ئاساییش و سەلامەتی گیانی حاجیان بكەن، هەروەها هێزەكانیان ئامادەن روبەڕوی ئەوانە ببنەوە كە خۆیان دەخزێننە ناو میوانانی ماڵی خوداوە ئەگەر بەنیازی پشێوی نانەوەبن.
لەلایەن خۆشیەوە محەمەد عەبدولعالی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی سعودیە رایگەیاندوە، رێنمایی تەندروستی ئاڕاستەی حاجیان دەكەن و چەتریان پێ دەبەخشن تاكو خۆیان لە تیشكی بەهێزی خۆر بپارێزن، چونكە وەرزی حەجی ئەمساڵ روبەڕوی هەڕەشەیەكی گەورە بۆتەوە ئەویش بەرزبونەوەی زۆری پلەكانی گەرمایە كە لەنێوان 45 بۆ 48 پلەی سەدیدا دەبێت ئەمەش مەترسی لەسەر تەندروستی حاجیان دروست دەكات، هەرچەندە بەپێی پێشبینیەكانی كەشناسی لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەی گەرما ئەگەری بارانبارین لاوازە.
جێی ئاماژەیە بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێم ئەمساڵ 4 هەزارو 685 حاجی لەهەرێمی كوردستان فەریزەی حەج لە سعودیە ئەنجام دەدەن و 15-6 بەرەو كێوی عەرەفە بەڕێدەكەون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group