"بەشێك لە میدیاكان روماڵی نەرێنی حاڵەتەكانی مردن بە خۆكوژی دەكەن"

پێش 2 هەفتە

نەوا-
سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ سەبارەت بە روماڵی رۆژنامەوانی كەیسەكانی خۆكوژی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە.
لە راگەیەنراوێكدا سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ DHRD بڵاویكردۆتەوە، پاش رودانی چەند حاڵەتێكی مردن بەخۆكوژی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردودا لە هەرێمی كوردستان و ئەو روماڵە نەرێنیەی بەشێكی زۆری میدیاكان كردیان تێبینی كرا زۆربەی  میدیاو كەناڵەكان هەستان بە بڵاوكردنەوەو روماڵكردنی هەواڵەكان بەشێوەیەك كە هیچ خزمەتێك بە پرسی رێگریكردن لە توندوتیژی و بیری خۆكوژی و خودئازاردان ناكات لە ناوكۆمەڵگادا، بەڵكو سەرجەم سنورەكانی ئیتیكی رۆژنامەوانی و پاراستنی شكۆی مرۆڤ و كلتوری كۆمەڵایەتی پێشێل كردوە.
  سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ لەبەشێكی تردا رایگەیاندوە، جێی خۆیەتی روبكەنە داواكاری گشتی و وەزارەتی رۆشنبیری و سەندیكای رۆژنامەنوسان كاری جدی و پێویست ئەنجام بدەن بۆ رێگریكردن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی لەم شێوازەو گرتنەبەری رێكاری یاسایی دژی هەر رۆژنامەنوس و دامودەزگایەكی میدیایی كە بەو شێوازە كار دەكات.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەكەی سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤە:-
__________

ڕاگەیاندراوی ڕێكخراوی DHRD سەبارەت بە ڕووماڵی ڕۆژنامەوانی كەیسەكانی خۆكوژی
پاش ڕوودانی چەند حاڵەتێكی مردن بەخۆكوژی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان، وە  ئەو ڕوماڵە نەرێنیەی بەشێكی زۆری میدیاكان كردیان بۆ ئەو ڕووداوانە. ئەوەی تێبینی كرا زۆربەی  میدیا و كەناڵەكان بە بیستراو و بینراو و تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان كە هەستان بە بڵاو كردنەوە و ڕوماڵكردنی هەواڵەكان بەشێوەیەك كە هیچ خزمەتێك بە پرسی ڕێگری كردن لە توند و تیژی و بیری خۆكوژی و خودئازاردان ناكات لە ناوكۆمەڵگادا،بەڵكو سەرجەم سنورەكانی ئیتیكی ڕۆژنامەوانی و پاراستنی شكۆی مرۆڤ و كلتوری كۆمەلایەتی پێشێل كرد.
لە غیابی هەڵوێستی جدی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەم پرسە،  ئێمە لە ڕێكخراوی (DHRD) وەك ڕێكخراوێكی تایبەت بەبواری پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و بەرگری كردن لە بیروڕای ئازاد و میدیا، پاش ئەوەی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو بینیمان چەندین ڕووداوی تیراژیدی ڕوویدا، وەك ڕێكخراوی (DHRD) بە ئەركی خۆمانی دەزانین وە بیر سەرجەم میدیاكاران و ڕاگەیاندكارانی بهێنینەوە كە كاردەكەن بۆ پاراستن و ڕێزگرتن لە پیشەی ڕۆژنامەوانی و میدیایی كە ڕەچاوی ئەم خالانەی لای خوارەوە بكەن لەكاتی ڕوماڵ كردنی هەواڵی مردن بە خۆكوژی، لەبەرئەوەی بەگوێرەی سەرجەم لێكۆلینەوە زانستیەكان میدیا و ڕاگەیاندن ڕۆڵێكی كاریگەر دەبینن لە ڕێگری كردن و پاراستن لە بیری خۆكوژی،هەروەها بە دیوێكی تریشدا ئەگەر بەشێوەیەكی زانستی مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە هەواڵانە نەكرێت ئەوا دەبێتە هۆی چاولێكردن و بڵاو بوونەوەی بیری خودئازاردان و خۆكوژی، هەروەك لە ڕێنماییەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) و سەرجەم دۆكۆمێنتە نێودەوڵەتیەكانی دیكەدا هاتووە جەخت لە گرتنەبەری ئەم خاڵانەی خوارەوە دەكەنەوە لەكاتی ڕوماڵكردنی هەواڵی (مردن بە خۆكوژی):
   پێویستە سەرجەم میدیاكاران پایامنێران و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لەكاتی ڕوماڵكردنی هەوالی مردن بە خۆكوژی دووربكەونەوە لەم خاڵانەی لای خوارەوە:
1. دانەڕشتنی مانشێتی هەواڵەكان بە زمانێكی كارتێكەری وروژێنەر.
2. دووركەوتنەوە لە وەصف كردن و باسكردنی وردەكاریی ڕێگا بەكارهاتووەكان بۆ كردەوەی خۆئازاردان و خۆكوژی .
3. پێویستە لەكاتی ڕووماڵكردنی ئەم هەواڵانەدا ئاماژە بە بەشوێن و جێگای خۆكوژییەكە نەكرێت.
4. بەهیچچ جۆرێك باس لە ووردەكارییەكانی یاداشت و نامە و پەیامەكانی كەسی قوربانی نەكرێت بە نمونە كۆتا پۆستی لە تۆڕە كۆمەلایەتیەكان ، دواین نامە و پەیوەندی تەلەفۆنی 
5. دووركەوتنەوە لە ناوهێنان و وەصف كردنی كەسایەتی و وێنا كردنی قوربانیەكە.
6. ناكرێت هۆكار و پاڵنەری سادە و سانا باس بكرێت و بڵاو بكرێتەوە وەك هۆكارێك  بۆ كردەوەی خۆكوژی تاوەكو هەواڵەكە نەبێتە بەهانە و هاندانن بۆ كەسانی هاوشێوە.
7. دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی وێنە و تۆماری دەنگی و ڤیدیۆیی كەسی قوربانی چونكە توێژینەوەكان دەریانخستوە كە بڵاوكردنەوەی ئەو وێنانەی كە پەیوەندی دارن بە كرداری خۆكوژی دەكرێت دووبارە لە ئاوەز و هزری كەسانی هاوشێوە دووبارە و چالاك ببنەوە0
8. ناكرێت خۆكوژی وێنابكرێت وەك كردەوەیەكی ئاسایی و سروشتی و بەرگێكی سۆزداری بەبەردا بكرێت لەكاتی ڕوماڵ كردنی هەواڵەكەدا، یاخود وا نیشان بدرێت كە كردەوەكە تاكە چارەسەرە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان.
9. دووركەوتنەوە لە زیادەڕەوی كردن لە وێنا كردنی كێشەی مردن بە خۆكوژی وەك ئەوەی بووبێت بە (دیاردە ، پەتا ، ڕێژەی زۆر ...) ناوزەند بكرێت .
    سەرەڕای ئەم خالانەی لای سەرەوە سەرجەم ڕێنمایی و ڕێكار و توێژینەوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە لەكاتی ڕوماڵ كردنی ئەم جۆرە هەواڵانەدا پێویستە میدیاكاران و ڕاگەیاندنكاران ڕێگاكانی خۆپارێزی باس بكەن ، بە نمونە ڕونكردنەوەی چارەسەركردنی كێشە دەروونی و كۆمەڵایەتیەكان بە ڕێگەی زانستی و خستنە ڕووی ڕێگەی زانستی بۆ زاڵبوون بەسەر كێشە و ئاڵنگاریەكان وە پێویستە ڕایی كەسانی پسپۆڕ لەم بوارەدا وەربگیرێت.
   هاوكات جێی خۆیەتی ڕووبكەینە بەڕێزان لە داواكاری گشتی و وەزارەتی ڕۆشنبیری و سەندیكای ڕۆژنامەنوسان كە كاری جدی و پێویست ئەنجام بدەن بۆ ڕێگری كردن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی لەم شێوازە و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی دژی هەر ڕۆژنامەنوس و دام و دەزگایەكی میدیایی كە بەو شێوازە كاردەكات.
سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ  DHRD
                                             

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group