نەوا-
وەزارەتی دارایی عێراق ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە سەبارەت بە ڕاكێشانی ڕەسیدی بانكەكانی ڕافیدەین و ڕەشید.
بەپێی ڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەو پارەیەی ڕاكێشراوە، بریتی نییە لە پارەی دانراوی هاووڵاتییان یان ڕەسیدی زامنكراوی تایبەت بە بانكەكان، بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ ئەژماری سەروەری (الحسابات السیادیە)ی وەزارەتی دارایی، پێشتر لەو بانكانە هەڵگیراون وەك هەنگاوێكی كاتی و، پاش كۆتاییهاتن پێویستییەكان پێی و، بەپێی ڕێنماییە دارایی و كارگێڕییەكان، گەڕێندراوەتەوە بۆ تەرخانكردنی لە چوارچێوەی بودجەی گشتیدا.
وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوەشكردووە، هەردوو بانكی ڕافیدەین و ڕەشید یەدەگی نەختینەی زۆریان هەیە كە زۆر زیاترە لە بڕی بڕیاردراو لەلایەن بانكی ناوەندی، ئەركەكانی خۆشیان لە خەرجكردنی مووچە، پارەداركردنی پرۆژەكان و جێبەجێكردنی پابەندییەكان بەرامبەر مامەڵەكاران بە ڕێكخراوەیی ئەنجامدەدەن.
رونیشیكردەوە، یەدەگی یاسایی بانكی ڕافیدەین لە بانكی ناوەندی لە ئێستادا دەگاتە نزیكەی 9 ترلیۆن دیناری عێراق، ئەمەش پتەویی دۆخە داراییەكەی نیشاندەدات.