نەوا-
لە برۆكسل یەكەم كۆبونەوەی هاوبەشی پەرلەمانی ئەوروپاو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجامدرا.
دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردوەتەوە، لەچوارچێوەی سەردانەكەیان بۆ پەرلەمانی ئەوروپا لەبرۆكسل، بەپێی رێككەوتنی نێوان پەرلەمانی عیراق و پەرلەمانی ئەوروپا توانیان لیژنەیەكی هاوبەش پێكبهێنن و یەكەم كۆبونەوەی لیژنەكە ئەنجامبدەن.
راشیگەیاندوە، پێكهێنانی لیژنەكە هەنگاوێكی گرنگەو رۆڵی دەبێت لەبەهێزكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپاو رێكخستنی سەردانی ساڵانەی شاندە پەرلەمانییەكانی هەردولاو سود وەرگرتن لە ئەزمونی یەكتر.
باسی لەوەشكردوە، یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپا واژۆ كردوە، هاوكات لەكۆبونەوەكانیاندا داوایان لەبەرپرسانی پەرلەمانی ئەوروپاش كردوە وڵاتانی ئەوروپا ئاسانكاریی بۆ هاووڵاتیانی عیراق بكەن لە پێدانی ڤیزە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سەقامگیرییە ئابوری و ئەمنیەی كە لە عیراق هەیە.