تاوەكو شەش مانگی دیكە هیچ فڕۆكەیەكی عێراقیە ناتوانێت گەشتی هەبێت بۆ وڵاتانی ئەوروپا

2 رۆژ پێش ئێستا عێراق

نەوا-
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەوروپا بۆ جارێكی دیكە سزای قەدەغەی سەر هێڵی ئاسمانی عێراقیەی درێژكردەوە و تا شەش مانگی دیكە هیچ فڕۆكەیەكی عێراقیە ناتوانێت گەشتی هەبێت بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
كاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، یەكێتی ئەوروپا بەهۆی نەبونی مەرجەكانی سەلامەتی و پابەندنەبون بە رێنمایی و پێوەرە جیهانیە كارپێیكراوەكانی فڕۆكەوانی مەدەنی و خراپی فڕۆكەخانەكان و كۆمەڵێك هۆكاری دیكە، ماوەیەكی زۆرە هەمو گەشتێكی هێڵی ئاسمانی عێراقیەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا قەدەغە كردوە.
باسی لەوەشكرد، لەساڵی رابردودا سەرۆك وەزیرانی عێراق بەنگین رێكانی وەزیری  ئاوەدانكردنەوەی راسپارد بەوەكالەت دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراق بەرێوەببات تا بتوانێت هەمو مەرج و داواكارییەكانی یەكێتی ئەوروپا جێبەجێ بكات تا سزای سەر عێراق هەڵبگرن، بەڵام سەرباری پێیدانی دەسەڵاتێكی زۆر لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە كەچی عێراق شكستی هێنا لەڕازیكردنی پشكنەرانی ئەوروپا بۆ هەڵگرتنی سزای قەدەغەی گەشتەكانی هێڵی عێراقییە.
 ئەوەشی خستەڕو، پێشتر چەند جارێك بەنوسراوی رەسمی و بەئیمزای دەیان پەرلەمانتار سەرۆك وەزیرانیان لەوە ئاگادار كردبوەوە، كە خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی و گرێبەستی جۆراوجۆر كە بەهاكەیان سەدان ملیۆن دۆلاربوە ئیمزا كراون بەبیانوی لابردنی سزای ئەوروپی، كە دوا نوسراویان رۆژی 3ی 5ی 2025 بوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكردوە، درێژكردنەوەی سزاكان لەلایەن یەكێتیی ئەوروپاوە، كاریگەری لەسەر ناوبانگی عێراق دەبێت، لەكاتێكدا ساڵانی رابوردو هێڵی ئاسمانی عێراقیە یەكێك بوە لە هێڵە باشەكان لە جیهاندا.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group