سەرۆك كۆماری ئێران: لە ئەمریكا ناترسین

1 رۆژ پێش ئێستا جیهان

نەوا-
سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئەوان لە ئەمریكا ناترسن، گەنجان و وەبەرهێنەر و زانا و كەسانێكیان هەن كە ئامادەن گیانی خۆیان بەخت بكەن بۆ وڵاتەكەیان.
مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران لەمیانی لێدوانێكدا لە پارێزگای ئیلام ڕایگەیاند، دەبێت بڕیاری بنەڕەتی بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستا بدەن و كارێك دەكەن بۆ نەهێشتنی كێشە و ناڕەحەتییەكان، ئیلام پڕە لە زێڕ و نیعمەت، چ لە ژێر زەوی و چ لە سەر زەوی و چ لە ئاسمان، وتیشی، ئەوە ئێمەین كە دەبێت بتوانین لەم نیعمەتە كەڵك وەربگرین.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمریكا و ئەوروپا هەوڵدەدەن گوشار و سزا لەسەر ئێران زیاتر بكەن، پێیانوایە دەتوانن بە گەمارۆ و هەڕەشە ڕێگریان لێبكەن، بەڵام گەلێك و خاكێك كە دڵی لەسەر خودا بێت، پێویستی بە كەسی دیكە نییە، ئێمە دڵمان لەسەر خودا داناوە نەك لەسەر ئەمریكا و خزمەتكارەكانی.
مەسعود پزیشكیان باسی لەوەشكرد، ئێمە لە ئەمریكا ناترسین، گەنجان و وەبەرهێنەر و زانا و كەسانێكمان هەن كە ئامادەن گیانی خۆیان بەخت بكەن بۆ وڵاتەكەمان، ئەوان وڵات بنیات دەنێن، تەنها پێویستە ڕێگەیان پێبدەین دەسەڵاتی خۆیان لە چوارچێوەیەكی جێبەجێكردندا بەكاربهێنن و دەتوانن دڵنیابن كە ئێمە ئەمە دەكەین.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group