نەوا-
وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا كارمەندانی لە باڵیۆزخانەكەی لە تاران دەكشێنێتەوە و هاوكات باڵیۆزخانەی ڕوسیا لە ئیسرائیل ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەكات وڵاتەكە بەجێبهێڵن لەكاتێكدا شەڕی ئاسمانی چڕتر دەبێتەوە.
باڵیۆزخانەی ڕوسیا لە تەلئەبیب، بە كەناڵی ڕوسیا 24ی ڕاگەیاندوە، پێویستە هەمو ئەو هاوڵاتییە ڕوسیانەی لە ئیسرائیلن، وڵات بەجێبهێڵن تا دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە، ئامۆژگاری هاوڵاتیانیش دەكات لە ڕێگەی میسرەوە بڕۆن، لەوێش بێ ڤیزا دەتوانن بچنەوە بۆ ڕوسیا.
ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەگەری هەیە دۆخەكە گرژیی زیاتر بەخۆوە ببینێت و مەترسی لەسەر ژیان و تەندروستی دیپلۆماتكار و هاوڵاتیانی ڕوسیا لە ئیسرائیل تەواو ڕاستەقینەیە.
باڵیۆزخانەی ڕوسیا لە تەلئەبیب دەڵێت، پلانی فریاگوزاری لەبەرچاو دەگیرێت لە ئەگەری پێویستبونی چۆڵكردنی فراوانتر.