نەوا-
ژمارەیەك باڵیۆزی نوێی عیراق لە رێوڕەسمێكدا سوێندی یاسایی دەستبەكاربونیان خوارد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار بڵاویكردۆتەوە، لە رێوڕەسمێكدا كە لە كۆشكی بەغداد بەڕێوەچو ژمارەیەك باڵیۆزی نوێی عیراق لە بەردەم لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار سوێندی یاسایی دەستبەكاربونیان خواردوە، سەرۆك كۆماریش هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزە نوێیەكان خواستوە لەئەركەكانی داهاتویان بۆ خزمەتكردنی وڵات و جەختیشی لەگرنگی رۆڵی باڵیۆزەكان لە نوێنەرایەتیكردن و پتەوكردنی پێگەی نێودەوڵەتی عیراق كردوەتەوە.
هەر لەمیانی رێوڕەسمەكەدا سەرۆك كۆمار پابەندبونی عیراقی دوپاتكردوەتەوە بۆ بەردەوامبون بەپەرەپێدانی پەیوەندییە دەرەكییەكان بەشێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمانی بكات و بەشداربێت لەدامەزراندنی بناغەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەو جیهاندا.