نەوا-
سوپای ئیسرائیل ئاشكرایكرد، شەوی رابردوو هێرشێكی گەورەی ئاسمانییان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەكانی ئێران ئەنجام داوە.
سوپای ئیسرائیل لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس رایگەیاند، زیاتر لە 50 فڕۆكەی جەنگی بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری رۆژی هەینی، 27ـی ئادار، هێرشیان كردووەتە سەر ژێرخانی سەربازیی ئێران لە سێ ناوچەی جیاوازدا.
لە بەشێكی دیكەی پۆستەكە باس لەوەشكراوە ، هێرشەكان هاوكات بوون لەگەڵ بۆردوومانكردنی كارگەی ئاوی قورس لە شاری ئاراك بۆ بەرهەمهێنانی پلوتۆنیۆمی تایبەت بە چەكی ئەتۆمی، هەروەها كارگەیەكی تایبەت بە دروستكردنی تەقەمەنی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە شاری یەزد.
لای خۆشیەوە وتەبێژی سوپای ئیسرائیل روونی كردەوە، هێرشەكان بە سێ قۆناغ بوون و چەند كاتژمێرێكیان خایاندووە، تێیدا چەندین كارگەی پیشەسازیی سەربازی و بنكەیەكی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران كرانە ئامانج ،كە بۆ دروستكردنی تەقەمەنیی پێشكەوتوو بەكار دەهات و سەرچاوەی دابینكردنی چەك بوو بۆ حەماس و حزبوڵڵا، لەگەڵ شوێنێكی تایبەت بە بەرهەمهێنانی پارچەی مووشەكی بالیستی و دژەفڕۆكە".