ڕۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار دیاریكرا
2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، سەرۆكایەتییەكە كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان ڕێكخست، بۆ تاوتوێكردنی چەند دۆسیەیەكی گرنگی تایبەت بە كاری ئەنجومەن، گرنگترینیشیان گفتوگۆكردن سەبارەت بە چەند یاسایەكی گرنگ كە دەخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی ئەنجومەن لە ماوەی داهاتوودا، لەگەڵ تەواوكردنی دەنگدان لەسەر لیژنە هەمیشەییەكانی ئەنجومەن.
لە كۆبوونەوەكەدا، بەشێوەیەكی فراوان گفتوگۆكرا سەبارەت بە دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و گرنگیی هەنگاونان بۆ تەواوكردنی ئیستحقاقی دەستووری و كۆتاییهێنان بە داخرانی سیاسی لە سایەی ئەو بارودۆخە ئەمنی و ئابورییەی كە وڵات بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
هاوكات، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریشیدا، ڕۆژی شەممە، 11ـی نیسان دیاریبكرێت بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، لەوبارەیەوە سەرۆكایەتیی ئەنجومەن داوای لە سەرۆكی لایەنە سیاسییەكان كرد، بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵگرن لە تەواوكردنی ئەو ئیستحقاقە دەستوورییە و پێكهێنانی حكومەتێك، كە لە توانایدابێت بەرەنگاری ئاڵنگارییەكان ببێتەوە.