وەزارەتی بەرگریی عێراق: بە هێرشێكی مووشەكی فڕۆكەیەكی سەربازی لە بەغدا تێكشكێندرا
2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد، كاتژمێر 01:55ـ خولەكی دوێنێ نیوەشەو، بنكەی ئاسمانیی "شەهید محەممەد عەلا" بە مووشەكی گرادی 122 ملم كراوەتە ئامانج، كە لە دەوروبەری بەغداوە ئاراستە كرابوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا فڕۆكەیەكی جۆری (Antonov-132)ـی سەر بە هێزی ئاسمانیی عێراق بەتەواوی تێكشكێندراوە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە، هاوكات لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستیان بە رێكارە پێویستەكان كردووە بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەكان و دۆزینەوەی سەرچاوەی ئاراستەكردنی مووشەكەكان.
وەزارەتی بەرگریی ئەو هێرشەی بە "كارێكی تاوانكاریی ترسنۆكانە" ناوبرد كە دامەزراوە سەربازییەكان و توانای بەرگریی وڵات دەكاتە ئامانج.
جەختیشی كردەوە، هێزە ئەمنییەكان پارێزەری گەل و نیشتمانن و دەستبردن بۆ چەك و كەرەستە و فڕۆكە جەنگییەكان، كارێكی تێكدەرانەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی عێراق.