سێنتكۆم: دەستدەكەین بە جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنی پرۆژەی ئازادی لە گەروی هورمزدا

2 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

 نەوا-
(سێنتكۆم) رایگەیاند، بە بەشداری 15هەزار سەرباز و زیاتر لە 100 فڕۆكەی جەنگی دەستدەكەن بە جێبەجێكردنی  ئۆپراسیۆنی پرۆژەی ئازادی لە گەروی هورمزدا.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم) راگەیەندراوێكی بڵاوكردوە و رایگەیاند، لەمڕۆوە هێزەكانیان دەستیان كردوە بە جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنێكی تایبەت بەناوی پڕۆژەی ئازادی، كە بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆكی ئەمریكا راگەیەندراوە و ئامانجی سەرەكیی گەڕانەوەی ئازادیی هاتوچۆی كەشتییە بازرگانییەكانە لە گەروی هورمزدا.
هاوكات، بەپێی زانیارییەكانی سێنتكۆم، نزیكەی یەك لەسەر چوارەی بازرگانیی نەوتی جیهان كە لە ڕێگەی دەریاوە دەگوازرێتەوە، لەگەڵ بڕێكی زۆر لە سووتەمەنی و پەین لەم گەروەوە تێپەڕ دەبن، هەر بۆیە پاراستنی ئاسایشی ئەم ناوچەیە وەك هەنگاوی یەكەمی ئابوری دەبینرێت.
لە لایەكی ترەوە، سێنتكۆم دەسپێشخەرییەك بەناوی پێكهاتەی ئازادیی دەریایی راگەیاندوە، ئامانج لەم هەنگاوە دروستكردنی هەماهەنگییەكی بەهێزتر و گۆڕینەوەی زانیارییە لە نێوان هاوپەیمان و شەریكە نێودەوڵەتییەكاندا، تاوەكو بە شێوەیەكی بەكۆمەڵ روبەڕووی هەر هەڕەشەیەك ببنەوە،كە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی گەشتیاریی نێودەوڵەتی دروست دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group