وەزارەتی دارایی: داهاتی ناوخۆ 400 ملیار دینار نییە

4 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ئامارێكی سەبارەت بە داهاتی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوەو لەبەشێكیدا رایگەیاندوە، چەند داتایەكی ناڕاست خراونەتەڕو كە پەیوەندی بە وەزارەتەكەیانەوە هەیە بۆیە بە پێویستیان زانیوە وەڵامبدرێنەوە.
رونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی دوای دوو لێدوانی هەریەك لە عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و عومەر گوڵپی ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان هاتوە كە باسیان لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كردبو.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، وابڵاوكراوەتەوە گوایە داهاتی مانگانە 400 ملیار دینارە، ئەو قسەیە هیچ بنەمایەكی نییەو هیچ كات وەزارەتی دارایی ئەو ئامارەی بڵاونەكردوەتەوە، بەڵكو داهاتی ناوخۆ ژمارەیەكی جێگیر نییەو مانگانە بەرزو نزم دەكات.
وەزارەتەكە لە درێژەی راگەیەنراوەكەیدا خشتەیەكی سەبارەت بە داهاتی ناوخۆی حەوت ساڵی رابردو خستوەتەڕو و رایگەیاندوە، مانگانە لەڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوە تۆمار كراوەو لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە وردبینی بۆ كراوەو وەزارەتی دارایی عیراقیش هیچ رەخنەیەكی لێی نەبوە.
لەلایەن خۆشیەوە سەبارەت بە رونكردنەوەكە عومەر گوڵپی ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردوەتەوە، ئامادەن بۆ دیدارێكی راستەوخۆ لەهەر میدیایەك بۆ گفتوگۆ لەسەر داهاتی ناوخۆ، بە بەڵگەو دۆكیومێنتەوە ئامادەن بۆ سەلماندنی قسەكانیان.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group