نەوا-
زانكۆی سلێمانی بڵاویكردۆتەوە، كۆسار محەمەد عەلی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پێشوازی لە شاندێكی ئەكادیمیی باڵای وڵاتی چین بە سەرۆكایەتیی ما شیاولین راگری پەیمانگای توێژینەوە لەسەر لێواری دەریای ناوەڕاست لە زانكۆی توێژینەوەی نێودەوڵەتیی ژێجیانگ كرد.
لە دیدارەكەدا باس لەوەكراوە، هەردولا گفتوگۆیان لەسەر هەماهەنگی و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان زانكۆی سلێمانی و زانكۆكانی وڵاتی چین كرد بەتایبەت لە بوارەكانی ئاڵوگۆڕی كلتوری، میوانداریكردنی زانستیی ئەكادیمیستان و خوێندكاران، هەروەها كاركردنی پێكەوەیی لەسەر پڕۆژە ئەكادیمییەكان و ئەنجامدانی چالاكیی زانستیی هاوبەش وەك بەستنی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە ئایندەیەكی نزیكدا.
ئاماژەشكراوە، شاندی میوان لە چەندین كەسایەتیی دیاری ئەكادیمی ئەو وڵاتە پێكهاتبون و لە پەراوێزی دیدارەكەدا شاندە ئەكادیمییەكەی وڵاتی چین سەردانی سەنتەری توێژینەوەی چینیان لە زانكۆی سلێمانی كردو لە نزیكەوە لەگەڵ بەڕێوەبەر و ئەندامانی سەنتەرەكەدا گفتوگۆیان لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە زانستییەكان كرد.