بافڵ تاڵەبانی: هەرێمی كوردستان دەتوانێت بە پلانێكی ستراتیجی كێشەی وزە لە عێراق چارەسەر بكات
2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 15ی حوزەیران ، لە بەغدا لەگەڵ تۆم باراك نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق و سووریا كۆبووەوە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە، دوایین پێشهاتەكان تاوتوێ كران و هەردوولا رێككەوتنی ئەمریكا و ئێرانیان بە گرنگ زانی بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە.
باس لەوەشكرا، جەختی لە بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و ئەمنی كرا، هەروەها، پاڵپشتیكردنی حكومەتی نوێی عێراق بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەكان.
هاوكات، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان نیگەرانی خۆی لەبارەی پێكنەهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی و رایگەیاند، شەرعییەت و متمانەی حكومەتی ئێستا خەریكە دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كێشەی وزە خرایەبەر باس و سەرۆكی یەكێتی ئاشكرایكرد، هەرێمی كوردستان دەتوانێت بە پلانێكی ستراتیجی كێشەی وزە لە تەواوی عێراق چارەسەر بكات.