"هەر هاوبەشێكی پڕۆژەی ڕووناكی لە ماوەی 50 ڕۆژدا پارە نەدات كارەباكەی دەبڕدرێت"
1 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو هاوبەشانەی كە لە پڕۆژەی ڕووناكیدان، ئەگەر لەماوەی 50 ڕۆژی دوای دەرچوونی پسوولەكانیان پارەی كارەبا نەدەن، لەلایەن سیستەمەكەوە بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دووچاری پچڕانی كارەبا دەبنەوە، تا ئەو كاتەی پارەی پێویستی سەرجەم پسوولەكانیان دەدەن.
ڕوونیشیكردووەتەوە، زۆربەی هاوبەشان لە كاتی خۆیدا پارە دەدەن، بەڵام بەشێكی كەم بەبێ پێدانی پارە كارەبایەكی بەرچاو بەكاردەهێنن، ئەمەش نادادپەروەرییە و بارگرانی لەسەر وەزارەت دروست دەكات.
هاوكات داواش لە هاوبەشان دەكات قەرزی كۆن (پێش پڕۆژەی ڕووناكی) بدەنەوە، چونكە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو قەرزانەش دەبنە هۆی پچڕانی ئۆتۆماتیكی كارەبا.
وەزارەتی كارەبا جەخت لەوە دەكاتەوە كە ماوەی 50 ڕۆژەكە لەو كاتەوە دەستپێدەكات كە پسوولەكە لە سەكۆی دیجیتاڵی (ئی-پسوولە) دەردەكەوێت. بۆ یارمەتیدانی هاوبەشانیش بۆ ئاگاداربوون لە كاتی پسوولەكانیان، دەتوانن لە ڕێگەی ماڵپەڕی پڕۆژەی ڕووناكی، یان سكانكردنی كیو ئاڕ كۆدی (QR) سەر پسوولەكە، یان پەیوەندیكردن بە ژمارە (1992 )، و هەروەها سەردانیكردنی هۆبەكانی فرۆشتنی وزەوە خۆیان تۆمار بكەن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی كورتەنامەی مۆبایلەوە ئاگادار بكرێنەوە
لە كۆتاییدا وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، ئەگەر بەهۆی نەدانی پارەوە كارەبای هاوبەشێك بپچڕێت، دوای پێدانی بڕی پێویست لەڕێگەی (ئی-پسوولە)وە، لە كەمتر لە 24 كاتژمێردا كارەباكەی بۆ دەگەڕێتەوە.