سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران: سێ مەرج بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دانراوە
3 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ناردنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە بەستراوەتەوە بە سێ مەرجی سەرەكی، كە بریتین لە ڕادەستكردنی داهاتی نانەوتی، جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
رونیشكردەوە، هەولێر و بەغدا لەسەر جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا ڕێككەوتوون، بەڵام تەنیا یەك خاڵی هونەری و یاسایی ماوە كە ئێستا لەبەردەم عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عێراقدایە بۆ بڕیاردان. سكرێتێری ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرایكرد، ئەو خاڵەش پەیوەستە بە میكانیزمی وەرگرتنی داهاتەكان و چۆنێتی دابەشكردنیان لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا.
ئاماژە بەوەشدراوە، جێبەجێكردنی سیستمی ئەلیكترۆنیی ئەسیكۆدا دەبێتە هۆكارێك بۆ زیادبوونی داهاتی نانەوتی، ئەمەش وا دەكات هەرێمی كوردستان ئاسانتر بتوانێت پابەندییە داراییەكانی بەرامبەر بە بەغداد جێبەجێ بكات.
ئامانج رەحیم وتیشی، سەرەڕای ئەوەی داهاتی نانەوتی هەرێم كەمیكردووە، بەڵام حكومەتی فیدراڵ هێشتا ڕژدە لەسەر وەرگرتنی 120 ملیار دیناری مانگانە وەك پشكی داهاتی ناوخۆ.