قۆناغێكی دیكەی دابەشكردنی زەوی لە سلێمانی دەستپێدەكات
2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
ئەنجوومەن حەسەن وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ئاشكرایكرد، لە چوارچێوەی پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، لیژنەیەكیان لە نوێنەری زۆرینەی فەرمانگە و دامەزروەكان پێكهێناوە و دۆسیەی دابەشكردنی زەوی بەو لیژنەیە سپێردراوە.
باسی لەوەشكرد، لیژنەكە سێ شوێنی بۆ دابەشكردنی زەوی لە سێ ناوچەی سلێمانی دەستنیشان كردووە، وەك شارەوانی پێویستیان بە 73 هەزار پارچە زەوییە بۆ ئەوەی تەواوی فەرمانبەران سوودمەند بن.
ئەوەشی خستەڕوو، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 23 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری سلێمانی دابەشكراون و بەمزووانەش قۆناغێكی دیكەی دابەشكردنی زەوی رادەگەیەندرێت.
ئەنجوومەن حەسەن ئاماژەی بەوەشدا، دواكەوتنی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەهۆی كێشەی موڵكداری و كوژاندنەوەی زەوییەكانەوە بووە، بەڵام رێكارەكان تەواوكراون بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەردەوام بێت، دڵنیایشی دا تا یەك فەرمانبەر مابێت پرۆسەكە بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە تاپۆكردنی زەوییەكان لەسەر فەرمانبەران، وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی رایگەیاند، نووسراویان كردووە و چاوەڕێی تەواوكردنی رێكارەكانن لەلایەن فەرمانگەكانی دیكەوە و لە داهاتوویەكی نزیكدا پرۆسەكە دەستپێدەكات و فەرمانبەران دەتوانن زەویییەكانیان تاپۆ بكەن، گوتیشی، تاپۆكردنی زەوییەكان تەنیا پەیوەندی بە شارەوانییەوە نییە، بۆیە دواكەوتووە.