نەوا-
جەمال كۆچەر ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند، یەكگرتوو پڕۆژەیەكی هەیە بۆ ئەوەی بەنزینی 450 دیناری لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكرێت.
سەبارەت بە وردەكاریی پڕۆژەكە، جەمال كۆچەر دەڵێت، پڕۆژەكە بەو شێوەیەیە كە حكومەتی عێراق خۆی بەنزینەكە رەوانە بكات و لە رێگەی چەند بەنزینخانەیەكی دیاریكراوەوە بەسەر شۆفێرانی تاكسی و پاسدا و خەڵكی شایستە دابەش بكرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی یەكگرتوو وتیشی، ئەم بڕە بەنزینە هیچ پەیوەندییەكی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نییە و بەدەرە لەو 50 هەزار بەرمیلە نەوتەی كە هەرێمی كوردستان بۆ پێداویستیی نێوخۆ بەكاری دەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق قسەیان كردووە و ئەوان ئامادەیییان دەربڕیوە، بەڵام كارەكە پێویستی بە رەزامەندیی سەرۆكوەزیرانی عێراق هەیە و بڕیارە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی عەلی فالح زەیدی بكەین.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان دوێنێ چوارشەممە بڵاویكردەوە، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نرخی بەنزینی نۆرماڵی حكومی بە 750 دینار جێگیر كرد، بەنزینی كوالێتی موحەسەن لە بەنزینخانەكان نابێت لە 1000 دینار و بەنزینی كوالێتی سوپەر لە 1200 دینار زیاتر بێت.