نەوا-
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەغدا ئامادەیە بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكات بەو مەرجەی 50 هەزار بەرمیلەكەی ڕادەست بكات.
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو قەیرانی سووتەمەنی و گرانبوونی نرخەی بەنزین كە لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان دروستبووە، قەیرانێكی ناوخۆییە و ئاماژەی بەوەش كرد، وەزیری نەوتی عێراق پێشنیازێكی بۆ چارەسەركردنی كێشەكە خستووەتە ڕوو.
بە گوێرەی پێشنایەرەكەی وەزیری نەوتی عێراق ، ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی كە ڕۆژانە لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت و دەدرێتە پاڵاوگە ناوخۆییەكان، ئەگەر ڕادەستی حكومەتی فیدراڵ بكرێت، ئەوا بەغدا ئەركی دابینكردنی سووتەمەنی دەگرێتە ئەستۆ.
هەرێم كەمال ئاغا ڕوونیشیكردەوە، ئەگەر ئەو بڕە نەوتە ڕادەستی بەغدا بكرێت، حكومەتی فیدراڵ ئامادەیە بەنزین بە هەمان نرخی پارێزگاكانی دیكەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، كە نرخی هەر لیترێكی تەنیا 450 دینارە.
ڕاشیگەیاند، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی كۆتاییهێنان بە قەیرانی گرانیی بەنزین و یەكخستنی نرخەكان لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عێراق.