كۆمپانیای DNO: بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بە رێژەی 99٪ دابەزیوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
كۆمپانیای نەوتی دی ئێن ئۆی نەرویجی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی وەستانی پڕۆسەكانی دەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی كۆمپانیاكە لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و هیچ بڕە نەوتێكیش لە هەرێمەوە نەفرۆشراوە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی كۆمپانیاكە، تێكڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی دی ئێن ئۆ لە چارەكی دووەمدا بۆ 88 هەزار و 431 بەرمیل نەوت دابەزیوە، لە كاتێكدا لە چارەكی یەكەمدا 131 هەزار و 671 بەرمیل بووە.
ئاماژە بەوەشدراوە، هۆكاری سەرەكی ئەم دابەزینەش ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ وەستانی بەرهەمهێنان لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان، كە تیایدا ئاستی بەرهەمهێنان لە 39 هەزار و 600 بەرمیلەوە بۆ تەنها 273 بەرمیل لە ڕۆژێكدا كەمیكردووە، ئەمەش دەكاتە رێژەی99.9٪.
هەروەها لە هەمان چارەكی ساڵی ڕابردوودا، كۆی گشتی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكە 92 هەزار و 592 بەرمیل بووە لە ڕۆژێكدا.
لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەدا باس لەوەشكراوە، لە دەریای باكوور نرخی نەوتی فرۆشراو لە 87 دۆلارەوە بۆ 115 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەرزبووەتەوە.
هاوكات كۆمپانیاكە ئاشكرایكردووە، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی تاوكێ لە 28ـی حوزەیران و لە كێڵگەی پێشخابوور لە 11ـی تەمموز دەستیپێكردووەتەوە، و بڕیارە لە 13ـی ئابیشدا ڕاپۆرتی دارایی قۆناغیی خۆی بڵاوبكاتەوە.