نەوا-
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم ، پرۆژەی ریفۆرمی خوێندنی پیشەیی راگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد، ئەمە یەكێكە لە پرۆژە هەرە ستراتیژییەكانی وەزارەت بۆ گەشەپێدانی بەردەوام لە وڵاتدا.
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە راشكاوی رەخنەی لە سیستمی ئێستای خوێندنی پیشەیی گرت و رایگەیاند، كاركردن لەم بەشەدا بە شێوازێكی زۆر كلاسیكی بووە، بە جۆرێك لە هەندێك لە ئامادەییە پیشەییەكاندا تائێستاش پرۆگرامی ساڵانی 1970 و 1980 دەخوێندرێت.
باسی لەوەشكردوە، ئەمە خاڵێكی سلبییە و پێویستی بە گۆڕانكاری بنەڕەتی هەیە، چونكە خوێندنی پیشەیی هیچ لە خوێندنی ئەكادیمی كەمتر نییە.
سەبارەت بە هەنگاوەكانی ریفۆرمەكە، ئالان حەمە سەعید رایگەیاند، 3 ساڵ پێش ئێستا پەیمانگەی پیشەیییان لە هەولێر بە سیستەمی ئینگلیزی كردەوە و دوای سەركەوتنی پرۆژەكە، لە ئێستادا هەمان سیستم لە سلێمانی و كفری جێبەجێ دەكرێت.
وەزیری پەروەردە وردەكاری پلانی نوێی وەزارەتەكەی بۆ قۆناغی ئامادەیی خستەڕوو و ئاشكرایكرد، ریفۆرمەكە تەنها لە پەیمانگەكان ناوەستێت، بەڵكو قۆناغی ئامادەییش دەگرێتەوە، خوێندكاران لە پۆلی 10 كە دەچنە خوێندنی پیشەیی، ساڵی یەكەم دەبێتە ساڵی فێربوونی زمانی ئینگلیزی ، لە ساڵانی دووەم و سێیەمیشدا خوێندن بە سیستەمی دووانە و بە زمانی ئینگلیزی دەبێت.