وەزارەتی ناوخۆی عێراق: هەر درۆنێك بەبێ رەزامەندی هەڵبدرێت وەك كردەی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت

2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژامەوانیدا رایگەیاند، بانكی زانیاری بۆ شەش ملیۆن پارچە چەك دروستدەكرێت، تاوەكو ئێستاش پرۆسەی تۆماركردن سەركەوتنی بەدەستهێناوە و تێیدا زیاتر لە نیو ملیۆن پارچە چەك تۆمار كراون.
ئاماژەی بەوەش دا، 71  بارەگای وەهمی سەر بەحەشدی شەعبی داخراون، دەشڵیت، لەمەودوا هەر درۆنێك بەبێ رەزامەندی هەڵبدرێت وەك كردەی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
وتەبێژەكەی وەزارەتی ناوخۆ، سەپاندنی قەدەخەی گشتیی هاتوچۆ لە كۆتایی مانگی ئەیلوولدا رەتكردەوە و جەختی كردەوە كە هیچ رێنماییەكی لەو شێوەیە بوونی نییە.
رونیشیكردەوە، نزیكبوونەوەی 30ـی ئەیلوول وەك مۆڵەتێك بۆ كۆكردنەوە و كۆنترۆڵكردنی چەك لە دەست دەوڵەتدا، نیگەرانی و ئامادەكاریی ئەمنی لێكەوتووەتەوە.
میقداد میری باسی لەوەشكرد، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جەختی لە كۆتاییهێنان بە چەكی دەرەوەی دەستی دەوڵەت كردووەتەوە و هۆشداریی داوە كە هەر چالاكییەك دوای ئەو مۆڵەتە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.
ئاشكراشیكرد، بۆچوونی لایەنە چەكدارەكان جیاوازە، هەندێكیان ئامادەییان بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەت نیشان داوە، لە بەرامبەردا هەندێكی تر مەرجیان داناوە كە پرسی چەك پەیوەستە بە كۆتاییهاتنی بوونی سەربازیی بیانی و دڵنیابوون لە پاراستنی عێراق.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group