ژوری بارزگانی و پیشەسازی سلێمانی بڵاویكردەوە، بەئامادەبونی نوێنەرانی دامەزراوە حكومییە پەیوەندیدارەكان و خاوەن نوسینگەو كۆمپانیاكانی كڕین و فرۆشتنی خانو و زەوی و یەكەكانی نیشتەجێبوون كۆبونەوەیەكی فراوان بەڕێوەچوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشەو ئاستەنگەكان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ رێكخستن و باشتركردنی بازاڕ.
لەكۆبونەوەكەدا نەوزاد غەفور سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، جەختیكردوەتەوە كۆبونەوەكە لەسەر داوای خاوەن نوسینگەو كۆمپانیاكانی كڕین و فرۆشتنی خانو و زەوی و یەكە نیشتەجێبوەكان بەڕێوەچوە بۆئەوەی بە هاوكاری دامەزراوە حكومییەكان كێشە سەرەكییەكانی بازاڕ بخەنە بەرباس و چارەسەرێكی یاساییان بۆ بدۆزرێتەوە.
ئاماژەشیكردوە، لە گرنگترین بابەتەكانی كۆبونەوەكە باسكردنبوە لەزیادبونی ئەو كەسانەی بێ مۆڵەت و بەشێوەی نایاسایی لە بواری عەقاراتدا كار دەكەن، هەروەها ئەو كەسانەی لە قەزاو ناحیەكان بە دور لە چاودێری دامەزراوە پەیوەندیدارەكان مامەڵەی خانو و زەوی دەكەن بە تایبەتی كڕین و فرۆشتنی زەوییە كشتوكاڵییەكان و زەوییە بێ تاپۆكان.
هەروەها كاریگەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە بازاڕی عەقارات و بەكارهێنانیان بۆ ریكلام و كڕین و فرۆشتنی خانو و زەوی لەلایەن كەسانی بێ مۆڵەت یەكێكی دیكە بوە لە بابەتەكانی گفتوگۆكانیان كە بەهۆی ژمارەیەكی زۆر پەیج و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیاوە كاریگەری لەسەر بازاڕو شێوازی كاری نوسینگە مۆڵەتپێدراوەكان داناوە.