وەزارەتی دارایی رێكارەكانی دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی راگەیاند

1 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان لە گشتاندنێكی فەرمیدا رێكارە نوێیەكانی بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی راگەیاندو داوا دەكات تاوەكو سەرەتای مانگی 10ی ئەمساڵ كارەكان تەواو بكرێن.
بەگوێرەی نوسراوێكی فەرمی كە واژۆی وەزیری دارایی لەسەرە بڕیاردراوە بەئەنجامدانی رێكارە كارگێڕییەكان بۆ ئەژماركردن و پلەبەرزكردنەوەی سەرجەم فەرمانبەران، پێویستە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان تاوەكو 1ی تشرینی یەكەمی 2026 كارەكانی تایبەت بە وردبینی و ئامادەكردنی لیستی پلەبەرزكردنەوەكان تەواو بكەن. ئەمەش بە مەبەستی جێگیركردنی مافی دارایی فەرمانبەران و رێكخستنی شایستە داراییەكانیان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا.
وەزارەتی دارایی ئاماژەشی كردوە، دەبێت لیژنەی تایبەت لە وەزارەتەكان پێكبهێنرێت بۆ پێداچونەوە بە میلاكات و پلەكان بەگوێرەی خشتەی هاوپێچكراو، ئامانج لەم هەنگاوەش رێكخستنەوەی میلاكاتی گشتی و دابینكردنی شایستە داراییەكانە بەشێوەیەكی یاسایی تاوەكو لە كاتی وردبینی حكومەتی فیدراڵ هیچ كێشەیەكی یاسایی و كارگێڕی نەیەتە پێش و مافی فەرمانبەران پارێزراو بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group