بە درۆن هێرش كراوەتە سەر نووسینگەی تایبەتیی مەسرور بارزانی
3 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن هێرشی كردووەتە سەر نووسینگەی تایبەتیی خۆی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "ئێكس" پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بە پێی لێكۆڵینەوە و زانیارییە پشتڕاستكراوەكانی دژە تیرۆری كوردستان، ئەمڕۆ ئۆفیسی تایبەتی من و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، لە هێرشێكی درۆنی ئێرانیدا كراونەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشداوە، بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قبوڵنەكراوانە سەركۆنە و شەرمەزار دەكات.
مەسرور بارزانی دووپاتیشی كردەوە، ئەمە هەنگاوێكی مەترسیدارە و هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان.
سەرۆكی حكوومەت جەختیشی كردووەتەوە، ئەم هێرشانە هەرگیز ناتوانن بمانوەستێنن لە بەردەوامبوونمان لە ئەنجامدانی ئەركەكانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان.