نەوا-
نوێترین ئاماری زیانە گیانییەكانی روداوی ئاگركەوتنەوەكەی شەوی رابردووی ناوچەی تانجەرۆی ئاشكراكرا و رایگەیاند، لە ئەنجامی روداوەكەدا 41 كەس بریندار بوون.
سامان شێخ لەتیف وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی لە لێدوانێكدا رایگەیاند، لە شوێنی رووداوەكەوە راستەوخۆ چارەسەری پێویست لەلایەن تیمە تەندروستییەكانەوە بۆ 19 لە بریندارەكان كراوە و پێویستیان بە گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە نەبووە.
باسی لەوەشكرد،22 برینداری دیكە بەهۆی بەرزیی رێژەی سووتاندنیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سووتاویی سلێمانی كراون، لە ئێستاشدا 21 لەو بریندارانە دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.
سامان شێخ لەتیف جەختیشی كردەوە، تەنها یەك بریندار لە نەخۆشخانەدا ماوەتەوە، كە رێژەی سووتانی جەستەی زیاتر لە 90٪ـە و بارودۆخی تەندروستیی لە ئاستێكی ناجێگیرددایە.