نەوا-
36 كۆچبەری نایاسایی كورد دوای رزگاركردنیان لە لیبیا كە نزیكەی دوو مانگە دەستگیركراون دەگەیەنرێنەوە هەرێمی كوردستان و سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانیش رایگەیاند، لەو ژمارەیە 32 كەسیان خەڵكی ئیدارەی راپەڕینن.
بەكر عەلی سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەئێستادا كوردستان لە هەموكات زیاتر پێویستی بە مانەوەی دڵسۆزانی هەیە، بۆیە پێویستە بەهەمو تەمەنەكانەوە بەڵێن بدەن كە نیشتیمان بەجێنەهێڵن و لەگەڵ ئازارو خەمەكانی بمێننەوە با كاریگەری كۆمەڵێ بەرپرسی نا بەرپرس كە نیشتیمان و خاك بەكاردەهێنن نەبێتە هۆكاری ساردبونەوەیان لە خۆشەویستی نیشتمان، چونكە نیشتمان هەمیشەییە.
وتیشی: گەڕانەوەی 36 كۆچبەر كە لە چەند كاتێكی جیاوازدا لە وڵاتی لیبیا دەستگیركراون و دواتر نێردراون بۆ باڵیۆزی عیراق لە لیبیا 32 كەسیان خەڵكی ناوچەی ڕپەڕینن و چوار كەسی دیكەشیان خەڵكی ناوچەكانی دیكەی وەك دوكان و چەمچەماڵن.