بێگەرد تاڵەبانی: پێویستە مافی جووتیاران لە سەرتاسەری عێراق وەكو یەك بپارێزرێت

44 خولەک پێش ئێستا

نەوا-
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، كۆبوونەوەیەكی تێر و تەسەلمان لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی عێراق و شاندی یاوەری كرد و لەسەر 11 خاڵ بەیەكەوە گفتوگۆی تایبەتمان كردووە.
 وتیشی، هەر 11 خاڵەكە لە بەرژەوەندیی هەردوو وەزارەتن بۆ ئەوەی ئەو ئاستەنگانەی دێنە پێشەوە لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەسەر دۆسیە هاوبەشەكان بە تەواوەتی كۆتاییان پێبهێنرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، لیژنەیەكی هاوبەشیان لەسەر ئاستی باڵا پێكهێناوە و جەختیان لەسەر چارەسەركردنی كێشە كاتییەكان كردووەتەوە، تاوەكو تەنانەت بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیش بێت بتوانن ئاستەنگییەكان تێبپەڕێنن.
وەزیری كشتوكاڵ جەختیشی كردەوە، عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە یەك سەلەی خۆراكیی هەیە و تەواوكەری بازاڕی یەكترین، پێویستە مافی جووتیاران لە سەرتاسەری عێراق وەكو یەك بپارێزرێت و لەسەر رۆژژمێرێكی كشتوكاڵی یەكگرتوو بڕیاری كۆتایی بدەن و پابەند بن پێوەی. 
لە هەمان كاتدا گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، جووڵەی بەرهەمەكان لەنێوان هەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئاسانكاری لە پێدانی مۆڵەتی تەندروستی، هەناردەكردن و هەماهەنگی لە مەشق و راهێنانی تیمەكاندا كراوە.
بێگەرد تاڵەبانی روونیشی كردەوە، لیژنەیەك لە عێراق بە سەرپەرشتی وەزیری كشتوكاڵی عێراق ساڵانە كۆدەبێتەوە، و داوایان كردووە لە مانگی 10 یاخود لە سەرەتای مانگی 11 ئەم لیژنەیە بە بەشداری نوێنەرانی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە. 
ئامانج لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردنە لەسەر دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، بە جۆرێك وەك چۆن مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێت، بە هەمان شێوەش مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی كوردستان بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group