نەوا-
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەندی هەولێر لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، هەموو لیژنەكانیان بۆ چاودێریكردنی بازاڕ راسپاردووە و بە توندی رێگری دەكەن لە بەرزكردنەوەی نرخی ئەو كاڵایانەی پێشتر كڕدراون.
ئاماژەی بەوەشدا، هەر بازرگانێك تاوەكو دوێنێ كاڵا و پێداویستی كڕیبێت، بۆی نییە نرخەكەی بەسەر هاووڵاتییاندا زیاد بكات، بەڵام ئەو كاڵایانەی ئەمڕۆ چوارشەممە كڕدراون، بە نرخی نوێ مامەڵەیان پێوە دەكرێت.
ئاشكراشیكرد، لە ئەمڕۆوە لیژنەكانیان سەردانی بازاڕ و فرۆشگاكان دەكەن و بە وردی پشكنین بۆ بەڵگەی كڕینی كاڵاكان دەكەن.
قایمقامی ناوەندی هەولێر سەبارەت بە كاریگەرییەكانی بڕیارەكەی بانكی ناوەندیش دەڵێت، ئەو بڕیارە زیان بە ژیانی هەموو هاووڵاتییان دەگەیەنێت و هۆكارێكە بۆ گرانبوونی كاڵاكان،وتیشی، بەڵام ئێمە لە قایمقامییەت هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاڕ، تاوەكو هیچ لایەنێك ئەم دۆخە لەسەر شانی هاووڵاتییان نەقۆزێتەوە.