قایمقامی سلێمانی: رێگە بە بەرزكردنەوەی نرخی كاڵاكان نادەین لە بازار
1 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
فازڵ عومەر قائیمقامی سلێمانی بەوەكالەت رایگەیاند، لە رێگەی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتەوە بە شێوەیەكی بەردەوام بەدواداچوون لە ناو بازاڕەكاندا دەكەن بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی نرخەكان و رێگریكردن لە قۆستنەوەی بڕیارەكەی حكومەتی عیراق بۆ گرانكردنی نرخی كاڵا و پێداویستییە سەرەكییەكانی هاووڵاتییان.
باسی لەوەشكرد، بڕیاری دیاریكردنی بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی بە 150 هەزار دینار لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بڕیارێكی كتوپڕ بووە، بەڵام سەرجەم ئەو كاڵا و شتومەكانەی ئێستا لە بازاڕەكاندا بەردەستن، بە نرخی پێش بڕیارەكە هاوردە كراون، بەوهۆیەوە بە هیچ جۆرێك رێگە نادرێت نرخەكانیان بەرز بكرێنەوە.
جەختیشی كردەوە، رۆژانە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانییەوە لیستی نوێی نرخەكانیان بەدەست دەگات و لەسەر ئاستی سەرجەم بازاڕەكان چاودێریی دەكەن.
هۆشداریشی دا كە هەر كاسبكار یان بازرگانێك سەرپێچی بكات و نرخەكان بەرز بكاتەوە، رووبەڕووی رێكاری یاسایی و لێپێچینەوەی توند دەكرێتەوە.