ئەمڕۆ دوا دەرفەتە بۆ داشكاندنی قەرزی كۆنی كارەبا
3 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوبەشانی ئاگادار كردەوە، كە ئەمڕۆ یەكشەممە 18ی تشرینی یەكەمی 2026، دواین مۆڵەتە بۆ سوودوەرگرتن لە بڕیاری داشكاندنی قەرزی كۆنی كارەبا بەر لە دەستپێكردنی پڕۆژەی رووناكی.
باسی لەوەشكرد، بە مەبەستی ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان، لە كاتژمێر 8:30ی بەیانییەوە تەواوی فەرمانگە و بنكەكانی فرۆشتنی وزە لە سەرانسەری هەرێم بە كراوەیی دەمێننەوە تا ئەو كاتەی هاوبەشێك لە هۆڵەكاندا مابێت.
هاوكات هاوبەشان دەتوانن لە رێگەی سیستەمی ئەلیكترۆنیی "ئی-پسوولە" تا كاتژمێر 12ی نیوەشەوی ئەمڕۆ قەرزەكانیان بە داشكاندنەكەوە پاكتاو بكەن.
وەزارەتەكە هۆشداریش دەدات كە لە دوای ئەمڕۆوە هیچ داشكاندنێك ناكرێت و ماوەكە درێژ ناكرێتەوە، بەڵكو تەواوی قەرزە كۆنەكانی پێش پڕۆژەی رووناكی بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دەكرێنە قیستی مانگانە و لەگەڵ كرێی ئاسایی بەكارهێنانی كارەبادا لە هاووڵاتییان وەردەگیرێتەوە.
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پڕۆژەی رووناكی، تاوەكو ئێستا 180 هەزار هاوبەش لە لێخۆشبوونی 50% سوودمەند بوون و بڕی زیاتر لە 350 ملیار دینار لێخۆشبوون ئەنجامدراوە، لە كاتێكدا لە ئێستادا 725 هەزار هاوبەشی دیكە ماون كە قەرزاری پێشووی كارەبان.