دەستەی وەبەرهێنان پێشنیاز دەكات قیستی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون بە دینار وەربگیرێ
37 خولەک پێش ئێستا
نەوا-
د. محەممەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا راگەیاند: بەهۆی دەستكاریكردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، ئەو هاونیشتمانییانەی یەكەی نیشتەجێبوونیان كڕیوە و مانگانە قیست دەدەن، زیانی داراییان كردووە، بەو پێیەی ناچارن قیستی مانگانەی یەكەكان بە دۆلار بدەن.
باسی لەوەشكرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا پێشنیازەكە بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەرز دەكەینەوە و تێیدا داوا دەكەین سەرجەم كۆمپانیاكانی بواری وەبەرهێنان ناچاربكرێن قیست و پارەی یەكەكانی نیشتەجێبوون بە دینار وەربگرن.
سەرۆكی دەستەكە روونیشس كردەوە، بەشی زۆری هاونیشتمانییان مامەڵە بە دینارەوە دەكەن، بەڵام ئێستا ناچارن بچنە بازاڕ و دۆلار بكڕن تاوەكو قیستی یەكەكانیان بدەن، وتیشی: لە پێشنیازەكەدا داوا دەكەین بەهایەكی دیاریكراو دابنرێ و سەرجەم قیستەكان بەو بەهایە بدرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، دەمانەوێ ئەو بارگرانییەی بەهۆی دەستكاریكردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار رووبەڕووی هاونیشتمانییان بووەتەوە كەم بكەینەوە.