نەوا-
كوێستان محەمەد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پرسی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند: ئەو رۆژنامەنوسانەی كە فەرمانبەری حكومەتن دەستەبەری كۆمەڵایەتی نایانگرێتەوە، چونكە لێبڕینی خانەنشینیان هەیە.
وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی رونیشیكردەوە، ئەنجومەنێكی كارگێڕی پێكهێنراوە مانگانە كۆدەبێتەوە كە ئەركی دانانی كۆمەڵێك رێوشوێنە بۆئەوەی دەزگاكانی راگەیاندن پابەند بكرێن بە دەستەبەركردنی كارمەندو رۆژنامەنوسەكانیان.
سەبارەت بە چارەنوسی ئەو رۆژنامەنوسانەی ساڵانێكە لە دەزگاكاندا كار دەكەن و تائێستا دەستەبەر نەكراون كوێستان محەمەد ئاماژەی بەوە كرد، ئەم پرسەش لە چوارچێوەی رێكارە نوێیەكاندا یەكلادەكرێتەوەو دیاری دەكرێت كە ئایا ئەو ساڵانەی پێشویان بۆ هەژمار دەكرێت یاخود نا.