نەوا-
بەئامادەبونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەڕێوڕەسمێكدا تیروپشك بۆ دابەشكردنی 1700 پارچە زەوی لە سنوری شارەوانیی گوێرو سفەییە ئەنجامدرا.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ساسان عەونی وتی: لەسنوری ناحیەی گوێڕ زیاتر لە 1700 زەوی دابەشدەكرێت كە زیاتر لە 1240 یان بۆ فەرمانبەرانە ئەوی تریش بۆ جوتیارو خاوەن مافەكانە، لەسەرەتای دەستپێكردنەوە تائێستا تیروپشك لەسنوری شارەوانییەكانی هەولێر جێبەجێكراوەو تائێستا لەسنوری 15 سەرۆكایەتی شارەوانی زیاتر لە 40 هەزار پارچە زەوی دابەشكراوە كە ئەوەش ژمارەیەكی زۆر باشە.
وەزیری شارەوانی وتیشی: 50 هەزار ناوی فەرمانبەر لەژێر وردبینیكردندان و كاریان بۆ دەكرێت هیوادارن لە ئاییندەیەكی نزیكدا تەواو ببێت، پرۆسەكەش ئاسان نییە بەڵام لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان زۆر بەباشی بەڕێوەچوەو رۆژبەڕۆژ بەڕێوەدەچێت و زیاتر 50%ی تەواو بوە.
ساسان عەونی ئاماژەشیكرد، پرۆسەكە بەردەوام دەبێت لە داهاتویەكی نزیكدا سەرجەم فەرمانبەران بەو مافەیان دەگەن و زەوی وەردەگرن.