ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوەو ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرا كردو لە بەشێكیدا هاتوە، لە كۆبونەوەكەدا شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم ئەنجامی دوا كۆبونەوەو گفتوگۆكانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ سەبارەت بە مادەی (10)ی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی2027 خستوەتەڕوو، دوای گفتوگۆ ئەنجومەنی وەزیران دوپاتیكردوەتەوە هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستوری و فیدراڵییە و ماف و دەسەڵات و شایستە داراییەكانی بە دەستور پارێزراون، بۆیە پێویستە بودجەی گشتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستور، دادپەروەری و هاوبەشیی راستەقینە ئامادە بكرێت، نەك بە بڕیارو رێكاری تاكلایەنەی حكومەتی فیدراڵی.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوەشكردوەتەوە، بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەبێت لەسەر بنەمای رێژەی (14.14%)ـی دانیشتوان و بەپێی ئەنجامی دواسەرژمێری گشتی دیاری بكرێت و هەموو ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم مسۆگەر بكرێن، داواشیكردوە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رێگە نەدات رەشنوسەكە بەشێوەی ئێستای بخرێتە دەنگدانەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم راشیگەیاندوە، هەرێمی كوردستان چاوەڕوانە پڕۆژە یاسای بودجە لەسەردەمی كابینەی عەلی زەیدی ببێتە دەرفەتێك بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی ریشەیی و دەستوری بۆ كێشە داراییە هەڵپەسێردراوەكان نەك ئەوەی لە جیاتی چارەسەركردنی كێشەكانی ساڵانی رابردو هەمان كێشەو ناكۆكییەكان لەساڵی داهاتوش دوبارە ببنەوە.