هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران رایگەیاند، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە فەرمی داوای لە بەغدا كردوە بە هەمان نرخی عیراق نەوتی سپیی ماڵان بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكات، بە جۆرێك لە قۆناغی یەكەمدا بەپەلە دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان دەستپێبكات.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران لە لێدوانێكدا وتویەتی، پێویستە بەغدا هەنگاوی كرداری بنێت بۆ رەوانەكردنی نەوتی سپی بەتایبەت بۆ ناوچە شاخاوییەكان كە وەرزی سەرما تێیاندا زو دەستپێدەكات و زستانیان درێژخایەنترە، تا هاوڵاتیان ناچار نەبن دەست بۆ بڕینی دارە سروشتییەكان ببەن.
جەختیشیكردوەتەوە، پلانەكە بەو جۆرەیە كە لە قۆناغی یەكەمدا سوتەمەنی بۆ ناوچە شاخاوییەكان و لە قۆناغی دوەمدا بۆ ناوچەكانی دیكە دابین بكرێت، هەروەها داوایانكردوە نەوتەكە بە هەمان نرخی پاڵپشتیكراوی ناوچەكانی دیكەی عیراق بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمدا دابەش بكرێت.