محەمەد حاجی مەحمود: لە قورئاندا نەهاتوە تاهەتایە كورد لەژێر دەستی میللـەتێكی تردا بێت

1 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەد حاجی مەحمود سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، هەرێمی كوردستان و بەغدا ناگەنە دەرەنجام، چونكە ئەوەی بەغدا داوای دەكات رەنگە بە هەرێمی كوردستان نەكرێت و ئەوەی هەرێمیش داوای دەكات بەغدا ئامادەنییە جێبەجێی بكات.

محەمەد حاجی مەحمود لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی فەرمی حزبەكەی وتوشیەتی: بەغدا ئامادەنییە بڕبارەكانی دەستور جێبەجێ بكات، ئامادە نیە ئەنجومەنی فیدراڵی هەڵبژێردرێت كە ئەنجومەنێكە باڵانس لەنێوان هێزەكاندا رادەگرێت كە بچوكترین پارێزگا لە هەرێمی كوردستان رەنگە یەك دەنگی هەبێت و نە حكومەت و نە پەرلەمان ناتوانن ئەوەی دەیانەوێت تێی پەڕێنن و مافی كەمینەوە زۆرینە هەموی دەپارێزێت، بەداخەوە تائێستا هیچ كوردێك پێشنیاری ئەوەی نەكردوە كە ئەنجومەنی فیدراڵی هەڵبژێردێت كە لە بنەڕەتدا دەستورییە، لە هەمانكاتدا حكومەتی عیراقیش خۆی پێی خۆش نییە چونكە ئەوكاتە رێگە دەگرێت لە دیكتاتۆریەت و پێشێلكردنی مافی نەتەوەكانی تر.

سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ئاماژەشیكردوە، هیچ كاتێك درەنگ نییە بۆ دۆزی كورد، راستە دەبو پێش 30 ساڵ دەستور بۆ هەرێمی كوردستان دابنرایە، بەڵام رەنگە ئێستا قورستر بێت بۆمان كە نیازو داوای خەڵكی كوردستان تیایدا رەنگ دەداتەوە، دەبێت لە دەستوردا بنوسرێت سنوری كوردستان بانی مەقان و قۆرەتو جەبارەو فاییدە نییە دەبێت بڵێیت سنوری كوردستان مەنسورییەو حەمرین و فەتحەو خابورە، چونكە كورد دەوڵەت و جیابونەوەی دەوێت لە قورئاندا نەهاتوە تاهەتایە كورد لەژێر دەستی میللـەتێكی ترو لایەن و وڵاتێكی تردا بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group