بافڵ تاڵەبانی: هیچ پەرلەمانێك نییە و دەبێت پرۆسەكە دووبارە بكرێتەوە

4 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە میانی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی ستراتیژی سلێمانی رەخنەی توندی لە پارتی دیموكراتی كوردستان گرت و باسی لەوەكرد، ئەوەی لە پەرلەمان روویدا هەموو دەرگاكانی داخست، كێشەكانی زیاتر ئاڵۆز كرد و بە تەواوەتی دۆخەكەی تێكدا، ئەوەش بێڕێزییەكی تەواو بوو بەرامبەر پەرلەمان و پێشێلكردنی مافی هاوڵاتییان بوو لەلایەن پارتییەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم رووداوە لە هیچ وڵاتێكی جیهاندا هاوشێوەی نییە و باوەڕپێنەكراوە، ئەگەر لە دەرەوە رووی بدایە دەخرانە زیندانەوە، ئەم كارەی پارتی هەڵەیەكی گەورە و داڕمانێكی سیاسیی قورسە لە مێژووی هەرێمدا كە هەرگیز لەبیر ناكرێت، ناتوانم لێخۆشبوون بۆ ئەم كارە ببینم و دڵنیابن ئەم قەیرانە گەورەیە بەبێ سزا تێناپەڕێت.
لە درێژەی وتەكانیدا ناوبراو رەتیكردەوە دان بە دۆخی ئێستای پەرلەماندا بنێن و رایگەیاند، هیچ پەرلەمانێك نییە و دەبێت پرۆسەكە دووبارە بكرێتەوە. 
وتیشی، لەگەڵ هەموو حزبەكان قسەم كردووە، نە ئێمە و نە لایەنەكانی دیكەش نابینە بەشێك لەم پرۆسەیە و لەم شێوازەی حكومەتدا بەشداری ناكەین، باسی لەوەش كرد ماوەیەكی درێژە تێنەگەیشتن لە نێوان هەردوو هێزە سیاسییەكەدا دروستبووە و پەڕیوەتەوە بۆ بنكەی جەماوەریش، بەڵام رێكنەكەوتن نابێتە هۆی دروستبوونی پشێوی، ئەوەشی خستەڕوو كە كەمینەیەك لەناو پارتی هیچ شتێكیان قبووڵ نییە و ئێستاش دوو ئیدارەی بەڕێوەبردن لە ئارادایە.
لە تەوەرێكی دیكەی وتەكانیدا سەبارەت بە دۆخی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، سەرۆكی یەكێتی ئاشكرای كرد كە وەك هاوپەیمانێك سەیری دۆناڵد ترامپ و ئێرانییەكان دەكات، هەروەها كۆتا سەردانی بۆ تاران زۆر باش بووە و ئێرانییەكان گەرەنتیی ئەوەیان داوە كە خۆیان یان گروپەكانی مقاوەمەی نزیك لەوان هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆریان ئەنجام نەداوە، لە كۆتاییشدا پشتیوانیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند كە متمانەی تەواوی بە حكومەتەكەی زەیدی هەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group