نێچیرڤان بارزانی و پزیشكیان: شەڕ و ململانێكان خزمەت بە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێك ناكەن
3 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەراوێزی كارەكانی لوتكەی كەشوهەوا لە شاری ئەنتالیای توركیا، لەگەڵ مەسعود پزشكیان، سەرۆكی كۆماری ئێران كۆبوەوە، پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران، چۆنیەتیی پتەوكردنیان و فراوانكردنی ئاسۆكانی هاریكاری و هەماهەنگیی هاوبەش لە بوارە جیاوازەكاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، تاوتوێ كران.
هەورەها، ڕەوشی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكانی، تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكە بوون و تیایدا هەردولا دوپاتیان كردەوە كە شەڕ و ململانێكان خزمەت بە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێك ناكەن و گفتوگۆ، لێكگەیشتنی هاوبەش و ڕێگەچارە دیپلۆماسییەكان باشترین ڕێگەن بۆ چارەسەركردنی كێشە و ئاڵۆزییەكان.
نێچیرڤان بارزانی و مەسعود پزیشكیان جەختیان لە گرنگیی یەكخستنی هەوڵەكانی وڵاتانی ناوچەكە و بەهێزكردنی هاریكاری و هەماهەنگیی نێوانیان كردەوە، بە شێوەیەك كە ببێتە مایەی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەدیهێنانی ئاشتییەكی بەردەوام و لە خزمەتی بەرژەوەندیی هەموو گەلانی ناوچەكەدا بێت.