خۆپیشاندانی هاوڵاتیان لە شێلادزێ شەهید و برینداری لێكەوتەوە

26/01/2019

 

لە خۆپیشاندانەكەی رۆژی شەممەی دانیشتوانی ناحیەی شێلادزێ و دەوروبەری لە دژی بنكەیەكی سەربازی توركیا، چەند خۆپیشاندەرێك بوونە قوربانی تەقەی هێزەكانی ناو بنكەكە، هاوكات ئەنقەرە خۆپیشاندانەكە بە هاندانی پەكەكە ناودەبات و باس لەوەشدەكات رێوشوێنیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە گرتۆتەبەر.
رۆژی شەممە ژمارەیەك لە دانیشتوانی ناحیەی شێلادزێ و دەوروبەری كە بەشێكیان كەس و كاری ئەو هاوڵاتیە مەدەنیانە بوون كە لە ئەنجامی بۆردومانی ماوەكانی رابردووی توركیا بۆ سەر ناوچە سنوریەكانی هەرێم شەهید و بریندارببوون، خۆپیشاندانێكیان بۆ بەردەم بنكەیەكی سەربازی توركیا لە دەڤەرەكە ئەنجامدا و بۆماوەیەك چوونە ناو بنكەكە و بەشێك لە كەلوپەلەكانی ناو بنكەكەیان سوتاند.
بە پێی سەرچاوەكانی هەواڵ لە ئەنجامی تەقەی هێزەكانی توركیا لانی كەم هاوڵاتیەك شەهید و 10 ی تریش برینداربون. خۆپیشاندەران دواتر بنكە سەربازیەكەیان رادەستی هێزە ئەمنیەكانی ناوچەكە كرد.
جێی باسە فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا دوای چوونە ناوەوەی خۆپیشاندەران بۆ ناو بنكە سەربازیەكە، بە نزمی بەسەر ئاسمانی شێلادزێدا فڕین.
لەبارەی ئەو خۆپیشاندانەوە، وەزارەتی بەرگری توركیا بڵاویكردۆتەوە، كە بە هاندانی پەكەكە هێرش كراوەتە سەر بارەگایەكی سوپاكەیان لە "باكوری عێراق". لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژەش بەوە كراوە، بەهۆی هێرشەكەوە كەل و پەلی نێو بارەگاكە زیانیان پێگەیشتووە.
دەربارەی وەڵامی وڵاتەكەی بۆ ئەم رووداوە وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاندووە، هەنگاوی پێویست بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكەدا گیراوەتە بەر.
خۆپیشاندانەكەی رۆژی شەممە دوای ئەوە هات كە بە هۆی بۆردومانەكانی رۆژانی رابردووی توركیاوە 5 هاوڵاتی مەدەنی هەرێمی كوردستان لە بادینان شەهید ببوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group