هەرێم باجی سەر گەشتیارانی ئێرانی هەڵدەگرێت

19/04/2019


بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان دەڵێت، دوای ئەوەی وڵاتی ئێران وەرگرتنی پارەی ڤیزەی لە گەشتیارانی هەرێمی كوردستان هەڵگرت، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیاری داوە باج لە گەشتیاری ئێرانی وەرنەگیرێت و حەفتەی داهاتووش جێبەجێ دەكرێت.
عەبدولڵا ئاكرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران، ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ئێران بڕیاری دا كە پارەی ڤیزە لە هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی كوردستان وەرنەگیرێت، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیاری داوە چیتر باج لە گەشتیارانی ئێرانی وەرنەگرن."
عەبدولڵا ئاكرەیی وتیشی: "سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوی بۆ وەزارەتی ناوخۆ كردووە تا گشتاندن بكرێت بەسەر هەموو مەرزەكاندا بۆ ئەوەی بڕیارەكە جێبەجێ بكەن، تاوەكو حەفتەی داهاتوو هەموو مەرزەكان ئاگادار دەكرێنەوە و بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group