گۆڕان: تا ئێستا لەگەڵ پارتی لەسەر زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم رێكنەكەوتووین

19/04/2019

 

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەتیكردەوە لەگەڵ پارتی لەسەر زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم گەشتبنە ڕێككەوتن.
دەنگۆی ئەوە بڵازكراوەتەوە، كە گوایە پارتی و گۆڕان لەسەر دانانی یاریدەدەرێك بۆ سەرۆكی هەرێم ڕێككەوتوون، بەڵام هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە، تا ئێستا هیچ بڕیارێك نەدراوە لەلایەن سەركردایەتیی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بەوەی كە ڕەزامەندییان دابێت جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم دابنرێت.
جەختیشیكردەوە، "ئەوەی دەوترێت بۆچوونی كەسییە و وەكو بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان هەرچی باس بكرێت ئەسڵ و ئەساسی نییە."
وتیشی، بزوتنەوەی گۆڕان نابێتە بەربەست لەبەردەم پێكهێنانی ئەم كابینەیە، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا ڕێگە نادەن هیچ كەسێك بە زۆرداری لە بەركەوتەی ئەوان كەمبكاتەوە.
ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ئاماژەی بەوەش كرد، هەوڵی جددی دەدەن بۆئەوەی هەفتەی داهاتوو بگەنە ڕێككەوتن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group