"بۆ لێكۆڵینەوە لە رەوشی بەندكراوان ساڵی رابردوو 168 جار سەردانی گرتوخانەكانی هەرێم كراوە"

07/05/2019

نەوا


رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، هەموو رێكخراوەكان رێگەیان پێدراوە هەفتانە سەردانی بەندیخانەكان بكەن، بە گوێرەی دوایین ئاماریش، ساڵی رابردوو 168جار سەردانی گرتوخانەكانیان كردووە بۆ بەدواداچون و لێكۆڵینەوە لە رەوشی بەندكراوان و بە تەواویش هاوكاری كراون.
د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی وتوە: "تێكدانی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی كردەوە تیرۆریستییەكان، یەكێكە لە ئامانجە سەرەكییەكانی تیرۆریستان، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ رێگەگرتن لە كردەوەی تیرۆریستی و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێم، كە چەند رێوشوێنێكی تایبەت لە بازگەكان دەگرنە بەر و مەبەستی سەرەكییشیان پاراستنی ئاسایشی كوردستانە".
راشیگەیاندوە، دامودەزگا ئەمنییەكان بە تەواوی هاوكاری هەموو ئەو رێكخراو و لایەنانە دەكەن كە دەیانەوێت سەردانی كەمپ یاخود گرتووخانەكان بكەن، هەموو رێكخراوەكان رێگەیان پێدراوە سەردان بكەن بەپێی یاسا و رێنماییەكان، بۆیە هەفتانە رێكخراوەكان بۆیان هەیە سەردان بكەن و بە گوێرەی دوایین ئامارەكانیش، لە ساڵی 2018دا  رێكخراوەكان 168 جار سەردانی گرتووخانەكانیان كردووە بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە رەوشی بەندكراوان و بە تەواویش هاوكاری كراون.
سەبارەت بەوەی هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە ئەشكەنجەی خەڵك دەدەن و سوكایەتییان پێدەكەن و سزایان دەدەن لە كاتی دەستگیركردنیان، دیندار زێباری وتویەتی:" هیچ كەس و لایەنێك تا  ئێستا گلەیی و ڕەخنەی ئەمەی نەبووە چ لای دەزگای داواكاری گشتی چ وەك دادگاكان، هەروەها بەپێی یاسا ئەشكەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بە شێوەیەكی گشتی بۆ وەرگرتنی ئیعتیراف و زانیاری، بە تاوان دادەنرێت و بە هیچ شێوەیەك رێگا نادرێت كە ئەفسەر و كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان راگیراوان ئەشكەنجە بدەن، هەروەها بەپێی ماددەی  333  لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ی ساڵی 1969ی هەمواركراو، هەر تۆمەتبارێك لە كاتی لێكۆڵینەوە ئەشكەنجە درابێت، لە رووی  یاساییەوە مافی هەیە سكاڵا تۆمار بكات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group