حكومەتی هەرێم بودجەی خێرا بۆ چاككردنی ڕێگاوبانەكان تەرخاندەكات

08/05/2019

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بودجەی خێرا و پێویست تەرخانبكات بۆ  چاككردنی هەموو ڕێگاوبانەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت ئەوانەی زیانی گەورەیان بەركەوتووە.
رۆژی چوارشەممە (8ی ئایاری 2019) قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوەی دووەمی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجامدان بە مەبەستی جێبەجێكردنی هەنگاوی كرداری بۆ چاككردنی ڕێگاوبانەكانی هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا كە هەریەكە لە وەزیرانی ناوخۆ و دارایی و شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و، هەر چوار پارێزگارەكەی هەرێمی كوردستان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئامادەبوون.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لەسەر تەرخانكردنی بودجەی خێرا و پێویست بۆ هەموو ڕێگاوبانەكانی كوردستان، بەتایبەت ئەو شوێنانەی كە بەهۆی بارانبارینی ئەمساڵەوە زیانیان پێ گەیشتووە، هەروەها بڕیاردرا لەسەر ڕێكخستنەوەی باشتری هاتوچۆی لۆرییە بارهەڵگرەكان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەفتەی داهاتوو بە هەمان شێوە كۆبوونەوەیەكی دیكە سازدەكرێت تایبەت بە شەقامی 100 مەتریی سلیمانی و خێراكردنی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەكە.
سەبارەت بە ڕێكخستنی هاتوچۆش بڕیاردرا وەزارەتی ناوخۆ لە ڕێگای لیژنەی تایبەتەوە چاودێریی زیاتری جوڵەی بارهەڵگرەكان بكات، بەتایبەت بارهەڵگری بیانی و ترانزێتەكان، لەگەڵ دیاریكردنی كاتی گونجاو بۆ هاتوچۆكردنیان، بە شێوەیەك كە نەبنە مایەی ئاستەنگ دروستكردن بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group