گواردیۆلا بۆ سوپاسی لیڤەرپوڵ دەكات؟

12/05/2019 وەرزش

نەوا
پیپ گواردیۆلا راهێنەری مانچستەر سیتی لەدوای بەدەستهێنانی نازناوی ئەمساڵی خولی نایابی تۆپی پێی ئینگلیزی سوپاسی یانەی لیڤەرپوڵی ركابەری سەرەكی كرد، كە كارێكیان كرد تیمەكەی ئاستێك پێشكەش بكەن مەحاڵ بێت تا بتوانن بۆ وەرزێكی دیكە نازناوەكە لای خۆیان بپارێزن.
ئێوارەی یەكشەممە 12-5-2019 دوا یارییەكانی هەفتەی كۆتایی پرێمەرلیگ بەڕێوەچو، كە تێیدا مانچستەر سیتی بە 4 گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك لە برایتۆنی بردەوە و كۆی خاڵەكانی گەیاندە 98 و پلەی یەكەمی گرت. یەكەم یانەشە لە ساڵی 2009وە بتوانێت دوو وەرز لەسەریەك نازناوەكە بۆ خۆی بهێڵێتەوە.


لەوبارەیەوە گواردیۆلای ئیسپانی وتی "لیڤەرپوڵ یارمەتیدەرمان بوو بۆ باشتركردنی ئاستمان تا بتوانین ركابەرییان بە درێژایی نزیكەی سێ مانگ بكەین، یاریزانانی تیمەكەمان زانیان ناكرێت لەو ململانێیەدا خاڵ لەدەستبدەن".
دانی بەوەشدا نا بردنەوەی نازناوی ئەمساڵی پرێمەرلیگ، زەحمەتترین نازناو بوە لە كاروانی راهێنەرایەتیدا.
ساڵی 2008 و 2009 یانەی مانچستەر یونایتد توانی دوو وەرز لەسەریەك نازناوی پرێمەرلیگ بەدەستبهێنێت، لەوكاتەوە هیچ یانەیەك ئەو دەستكەوتەی نەبوە، تا ساڵی رابردو و ئەمساڵ مانچستەر سیتی پێیگەیشتەوە. لە هەشت وەرزی رابردوشدا ئەوە چوارەم جارە نازناوەكە بەدەستدەهێنێت، بەڵام لیڤەرپوڵ لە ساڵی 1990وە نەیتوانی جامی خولەكە بەرزبكاتەوە.
هەر لە یارییەكانی دواهەفتەدا لیڤەرپوڵ توانی بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە ولڤەرهامپتۆن بباتەوە و كۆی خاڵەكانی گەیاندە 97و لە پلەی دووەمیدا مایەوە.
یانەی چێڵسی-یش لە پلەی سێیەمدا دێت بە 72 خاڵ و پاشان تۆتنهام بە 71 خاڵەوە لە پلەی چوارەمیدا گیرسایەوە، هەر چوار یەكەمەكەی ریزبەندیش پێكەوە سەركەوتن بۆ خولی یانە پاڵەوانەكانی وەرزی داهاتوو.
هەرچی یانەكانی ئەرسیناڵ، مانچستەر یونایتد و ولڤەرهامپتۆنە لە پلەی پێنجەم و شەشەم و حەوتەمدا دێن و بۆ خولی ئەوروپای وەرزی داهاتو سەركەوتن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group