هەدەپە پشتیوانی خۆی بۆ كاندیدەكەی جەهەپە لە ئیستانبوڵ دوبارەكردەوە

14/05/2019 جیهان
پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی گشتیی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند: "حزبەكەی لە 31ی ئاداردا دەرگای دیموكراسی كردەوە و لە پێناو ئەوەی گەلانی توركیا بگەن بە داهاتویەكی رۆشن لە 23ی حوزەیراندا بەردەوام دەبێت لەسەر هەمان هەڵوێستی پێداگرانەی".
پەروین بوڵدان لە میانی كۆبوونەوەی فراكسیۆنی هەدەپەدا لە پەرلەمانی توركیا، رایگەیاند: "هەدەپە لە پاڵ دیموكراسی، گەلانی ستەمدیدەی ئیرادە زەوتكراو، چەوساوەكان، دایكانی لەچك سپی، ئاشتیی، ئازادیی و دادپەروەریدایە. لە هەلبژاردنەكانی 31ی ئاداردا بژاردەیەكی دیموكراسیی دروستبوو، هاوسەنگی هێزی گۆڕی. ئومێد و بوێری دایە گەلانی توركیا. هەدەپە لە 31ی ئاداردا دەرگای دیموكراسی كردەوە و لە پێناو ئەوەی گەلانی توركیا بگەن بە داهاتوویەكی رۆشن لە 23ی حوزەیراندا بەردەوام دەبێت لەسەر هەمان هەڵوێستی پێداگرانەی. لەبەرئەوە بەهەمان پێداگرییەوە دەڵێن هاوپەیمانییەكی دیموكراسی بەهێزتر. پێداگر و سوورین لەسەر ئەو هەڵوێستە".
رونیشیكردەوە: ئێستا بۆ ئیستانبوڵ دەڵێن "هەموو شتێك جوانتر دەبێت"، "ئیستانبوڵ جوانتر دەبێت". ئێمەش دەڵێین دایكان باوەڕبكەن، گەلانی توركیا باوەڕبكەن، ئەنجامەكە زۆر ناوازە دەبێت".
جێی باسە لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا، هەدەپە لە ئیستانبوڵ پشتیوانی لە ئەكرەم ئیمامئوغڵوو كاندیدی جەهەپە كردبوو، دوای ئەوەی دەزگای هەڵبژاردن ئەنجامەكانی ئەو شارەی هەڵوەشاندەوە، بڕیارە لە 23 ی حوزەیراندا پڕۆسەكە لەو شارە دوبارە بكرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group