رۆیشتنی كارمەندانی گەورەترین كۆمپانیای نەوتی ئەمریكا لە عیراق رەتدەكرێتەوە

16/05/2019 عێراق

نەوا
فەیاز حەسەن بریكاری وەزیر بۆ كاروباری دەرهێنانی نەوت لە وەزارەتی نەوتی عیراق جەختدەكاتەوە، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوەدەكەن كارمەندانی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیلی ئەمریكی، عیراقیان جێهێشتوە، دورە لە راستییەوە.
فەیاز حەسەن لەبەیاننامەیەكدا دەڵێت "بەرپرسانی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل تەئكیدیان كردوەتەوە كارمەندانی كۆمپانیاكە نەڕۆیشتون و كێڵگە نەوتیەكانی خۆرئاوای قەرەنەیان لە پارێزگای بەسڕە جێنەهێشتوە وەك ئەوەی هەندێك دەزگای راگەیاندن باسی دەكەن".
ئەوەش هاتووە، كارمەندەكان لەگەڵ هاوڕێ عیراقیەكانیاندا لەكاركردن بەردەوامن بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكە بەپێی ئەو بەرنامەیەی پێشتر پلانی بۆ دانراوە.
لای خۆیشیەوە عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەت رایگەیاندوە، وەزارەت سورە لەسەر دابینكردنی كەشێكی ئارام و ئاسایش بۆ ئەو كۆمپانیایانەی لە عیراقدا كاردەكەن و سەلامەتی كارمەندەكانی دەپارێزێت، كارمەندانی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیلیش هیچ كێشەیەكی ئەمنییان نییە و روبەڕوی هیچ هەڕەشەیەك نەبونەتەوە و لەكاركردن بەردەوامن.
پێشتر هەندێك دەزگای راگەیاندن بڵاویانكردەوە، كارمەندانی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیلی ئەمریكی بەهۆی گرژیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێرانەوە، خاكی عیراقیان جێهێشتوە.
دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڕیاری دا ئەو كارمەندە دیپلۆماسیانەی لە عیراق بكشێنێتەوە، كە كاری سەرەكی و گرنگیان نییە. هەروەك وەزارەتی بەرگریی ئەمریكاش بڕیاری دا مەشق و راهێنان بە هێزەكانی عیراق و پێشمەرگە بەشێوەیەكی كاتی رابگرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group